بەیاننامەی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەبارەت بە کردنەوەی ھۆڵەکانی خوێندن

Post date: Jun 13, 2016 1:14:32 AM

لەسەر رۆشنایی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی زانکۆمان لەرۆژی ١٨-١٠-٢٠١٥ ھەروەھا کۆبوونەوەکانی دواتری بەرێز سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ ھەریەک لە ڕاگر و مامۆستایانی کۆلیج و

پەیماناگاکان، بەرێوەبەرە ئیداری و کارگێڕییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ و نوێنەری خوێندکاران کە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی رەوشی خوێندن و ئەو کێشانەی رووبەروی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران بوونەتەوە، لەبەرئەنجامی قەیرانی سیاسی، دارایی و نەبوونی موچە، ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەکات کە لە ماوەکانی رابردوو لە سەرۆکایەتی زانکۆ و زۆربەی کۆلێج و پەیمانگاکانی شارو شارۆچکەکان بە گیانێکی پێشمەرگانەوە دەوامی فەرمییان کردووە، لەگەڵ ئەو بارە قورسەی کە کەوتۆتە سەرژیان و گوزەرانی خێزانیان .

مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەرێز

سەرۆکایەتی زانکۆمان بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە داکۆکی لەسەرجەم مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆی بکات، پێدانی موچەی سەرجەم مانگەکان وەک مافێکی شەرعی مامۆستایان و فەرمانبەران داواکارییەکی ھەنووکەیی و خێرایە کە ئاراستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دەکەین، بەڵام لە ھەمان کاتدا بە پێویستی دەزانین بارودۆخی ئێستای کوردستان لەبەرچاوبگرین تا خوێندکاران کە کورو کچی خۆمان و نیشتمانەکەمانن زەرەرمەندنەبن و ساڵێکی تەمەنیان لە پرۆسەی زانست و ئەکادیمییەت بەفیرۆ نەڕوات. لەگەڵ ئەوەی کە دەوامی زانکۆمان لە ماوەکانی رابردوو لە زۆربەی کۆلێج و پەیمانگاکانمان نەوەستاوە و بەردەوامی ھەبووە، دووپاتی دەکەینەوە کە مامۆستایانی کۆلێج و پەیمانگاکان رۆژی دووشەمە رێکەوتی ٢٦-١٠-٢٠١٥ بە ڕەسمی دەگەرێنەوە ھۆڵەکانی خوێندن. بۆیە داوا لە سەرجەم خوێندکارانی خۆشەویست دەکەین کە ئامادەبن لە ھۆڵەکانی خوێندن و پیرۆزبایی ساڵێکی نوێی زانستان لێبێت.

سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی