بە بەشداری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 36 یەمین كۆنفرانسی ڕێكخراوی عەرەبی لە ئوردن بەڕێوەچوو
Post date: Apr 29, 2017 1:22:57 PM
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك یەكەمین زانكۆی هەرێمی كوردستان و عێراق دوای 41 ساڵ لە دامەزراندنی ڕێكخراوی عەرەبی بۆ لێپرسراوانی تۆمار و وەرگرتنی زانكۆكان لە وڵاتانی عەرەبی بەشداری لە كۆنفڕانسی 36یەمینی ڕێكخراوەكەدا كرد كە لە وڵاتی ئوردن و لە دەریای مردوو لە نێوان 24 بۆ 27 ی نیسانی 2017 بەڕێوەچوو، تێیدا بەشداری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەرزنرخێندرا و داواشكرا هاوشێوەی ئەندامێتی لە یەكێتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی ئەندامێتی زانكۆ لە رێكخراوەكەدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
بەختیار عوبێد شەریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە سایتی زانكۆمانی راگەیاند: لە كۆنفرانسەكەدا 120 زانكۆ لە 14 وڵاتی عەرەبیەوە بەشداربوون و چەندین توێژینەوە و بابەتی گرینگ لەلایەن زۆربەی زانكۆكانەوە پێشكەشكران بە تایبەتی لەلایەن زانكۆكانی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و میسڕ و لوبنان و ئوردن كە نوێترین تەكنەلۆجیا لە وەرگرتن و تۆماركردنی خوێندكاراندا پەیڕەو دەكرێت، بەتایبەتی كارئاسانی دەكات لە وەرگرتن و ئاڵوگۆڕكردنی خوێندكاران لە نێوان زانكۆكان و كاری دەستی و مرۆیی كەمدەكاتەوە و زیاتر پەرە بە تۆماركردنی ئەلیكترۆنی دەدرێ
بەختیار عوبێد شەریف وتی: هەروەها لە كۆنفراسەكەدا بڕیاردرا ژمارەی ئاڵوگۆڕكردنی خوێندكاران لە نێوان زانكۆكان زیاتر بكرێت و ئاڵوگۆڕی زانیاری و پڕۆگرام بكرێت لە نێوان زانكۆكاندا لە ئاستی تۆمارە گشتییەكاندا، هەر لەو كۆنفڕانسەدا بەشداری زانكۆمان بەرزنرخێنرا و داوا كرا هاوشێوەی ئەندامێتیمان لە یەكێتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی ئەندامێتی زانكۆمان لە ڕێكخراوەكەدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەڕێوەبەری تۆماری گشتی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی راشیگەیاند: لە كۆتا رۆژی كۆنفڕانسەكەدا بڕیاردرا كۆنفڕانسی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی میسڕ بەڕێوەبچێت و كۆنفڕانسی ساڵی 2019ش لە وڵاتی سودان، هەروەها ئامادەیی ئەوەشیان دەربڕی بۆ ساڵی 2020 كۆنفڕانسەكە بێتە هەرێمی كوردستان.
دواتر لە كەشێكی شەفاف و دیموكراسیدا هەڵبژاردن بۆ سەرجەم پۆستەكانی ڕێكخراوەكە ئەنجامدرا و تیایدا
ـ دكتۆر بسام محمد المحادین ـ لە وڵاتی ئوردن بە ئەمینداری گشتی ڕێكخراوكە هەڵبژێردرا
ـ دكتۆرە رەباح ـ لە وڵاتی كوێت بە جێگری ئەمیندار گشتی ڕێكخراوكە.
ـ دكتۆرە سەوسەن ـ لە وڵاتی لوبنان بە ئەندامی لیژنەی تەنفیزی.
ـ دكتۆر زاید الشكیلی ـ لە سەڵتەنەی عومان بە ئەندامی لیژنەی تەنفیزی هەڵبژێردران.
شایەنی باسە شان بە شانی زانكۆمان هەردوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و زانكۆی پزیشكی هەولێر وەك تاكە سێ زانكۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بەشداربوون.
زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى سلێمانی - قڕگه-شهقامی ورمێ-گهڕهكی ماردین-327-كۆڵانی 76، ڕاستهوخۆ پشت بهنزینخانهی وڵات
بەرێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆ بۆ پەیوەندی کردن :- ژمارە تەلەفونی تۆماری گشتی -0533351343 ، Email :registration@spu.edu.iq